سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ سه‌ردانێك ده‌گاته‌ هه‌رێمی كوردستان

11.06.2019
جەماوەر نیوز
بڕیاره‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان  بكات و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێم كۆببێته‌وه.
ڕاگه‌یاندنه‌ عێراقیه‌كان بڵاوییانكرده‌وه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هه‌فته‌ی داهاتوو به‌ سه‌ردانێك ده‌گاته‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ دوێنی دوو شه‌ممه‌ 10ی حوزه‌یران  حه‌مید ئه‌لغزی به‌ نوێنه‌رایه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له‌ رێوڕه‌سمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وتارێكی پێشكه‌ش كرد راگه‌یاند.
له‌ حكومه‌تی ئێستادا كار له‌سه‌ر باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور ئاشتی زیاتر به‌رقه‌رار ده‌كه‌ن و پێشووتریش ئه‌و ته‌حه‌دیانه‌ی له‌به‌رده‌م عێراقدا هه‌بوون، به‌سه‌ریدا سه‌ركه‌وتوون. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، چه‌ند قۆناغێكی پێشكه‌وتوویان بڕیوه‌ بۆ باشتر كردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، له‌سه‌ر ئاستی هه‌ردوولا و به‌ گفتوگۆ په‌یوه‌ندییه‌كان زیاتر به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌به‌ن.
 ناوبراو وتیشی پێویسته‌ به‌ هه‌موو لایه‌كیش عێراق له‌ گرژی و ئاڵۆزی زیاتر، كه‌ له‌ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌، دووربخه‌نه‌ و وڵاته‌ به‌ره‌و كه‌ناری ئارامی ببه‌ن.