ژماره‌یه‌ك گوندی كوردنشین چۆڵده‌كرێن

11.06.2019
جەماوەر نیوز
دیار ئاواره‌
بارودۆخى شاره‌دێى گوڵاڵه‌ ڕۆژ له‌ دواى ڕۆژ به‌ ده‌ست چه‌کدارانى داعشه‌وه‌ به‌ره‌و خراپی وناجێگیرى ده‌ڕوات.
له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌ندامێکى پێشووى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دیاله‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت که‌ به‌ هۆى هه‌ڕه‌شه‌کانى داعشه‌وه‌ 9 گوندى کوردنشین له‌ سنورى شارۆچکه‌ى گوڵاڵه‌ چۆڵیان کردووه‌ و دانیشتوانه‌که‌ى ئاواره‌ى ناوچه‌کانى هه‌رێمى کوردستان بوون‌.
عامر ره‌فعه‌ت، ئه‌ندامى پێشووى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دیاله‌ به‌ جه‌ماوه‌رنیوزى ڕاگه‌یاند جموجوڵى داعش له‌ ناوچه‌که‌ به‌رده‌وامى هه‌یه‌ و له‌ ئێستادا ده‌چنه‌ نێو شاروشارۆچکه‌کان و خه‌ڵک ده‌ڕفێنن، هه‌ندى عه‌ره‌بى ناوچه‌که‌ش ئه‌و کرده‌وه‌ تیرۆرستیانه‌ى داعشیان قۆستۆته‌وه‌ و ئه‌وانیش به‌ ناوه‌ى ئه‌وانه‌وه‌ هه‌ڵده‌کوتنه‌ سه‌ر ماڵ وحاڵى هاوڵاتییان و کارى تیرۆرستى به‌ ناو داعشه‌وه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن که‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌کانى ناوچه‌که‌ و حه‌شدى شه‌عبیش ئاگادارى ئه‌و کارانه‌ن، به‌ڵام ده‌نگیان له‌گه‌ڵدا ناکه‌ن که‌ گومانى ئه‌وه‌ ده‌کرێت له‌ نێوان داعش و حه‌شدى شه‌عبى په‌یوه‌ندێك هه‌بێت له‌ نێوانیاندا بۆ ئه‌وه‌ى کوردى ناوچه‌که‌ بکه‌نه‌ ئامانج و ده‌ربه‌ده‌رى وئاواره‌ى بکه‌ن.
ناوبراو ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو به‌ هۆى هه‌ڕه‌شه‌ به‌رده‌وامه‌کانى داعشه‌وه‌ بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵى کوردانى دانیشتووى سنورى شاره‌دێى گوڵاڵه‌ 9 گوند به‌ته‌واوه‌تى له‌ دواى 16ى ئوکتۆبه‌ره‌وه‌ چۆڵیان کردووه‌ ودانیشتوانه‌که‌ى ڕوویان له‌ شاره‌کانى هه‌رێمى کوردستان کردووه‌ وهێشتا ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌رده‌وامه،‌ چونکه‌ ئه‌گه‌ر ناوچه‌که‌ به‌جێ نه‌هێڵن ئه‌وا له‌ لایه‌ن تیرۆرستانه‌وه‌ ده‌کرێنه‌ ئامانج وتیرۆر ده‌کرێن.
عامر ڕه‌فعه‌ت هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد له‌ ئێستادا داعش ڕۆژانه‌ هه‌ڵده‌کوتێته‌ سه‌ر گونده‌کانى سنورى شاره‌دێى گوڵاڵه‌ وهه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆرکردن له‌ کاربه‌ده‌ستانى ده‌که‌ن ، به‌ تایبه‌ت موختاره‌کانى که‌ له‌ ماوه‌ى ڕابردوودا چونه‌ته‌ سه‌ر یه‌کێک له‌ گونده‌کان وهه‌ڕه‌شه‌ى کوشتنیان له‌ موختاره‌که‌ى کردووه‌ وکه‌سیش به‌ هانایانه‌وه‌ ناچێت تاکو به‌رگریان لێبکات ،چونکه‌ ئیداره‌ى شاره‌دییه‌که‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان ناتواتن پاسه‌وانى دانیشتوانى ناوچه‌که‌ بکه‌ن بۆیه‌ داعش ئه‌و هه‌له‌ى قۆستۆته‌وه‌ و به‌ ئاره‌زوى خۆى ئه‌وه‌ى بییه‌وێت ئه‌نجامى ده‌دات.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی پێشووه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیاله‌ وتیشی له‌ دواى 16ى ئوکتۆبه‌ره‌وه‌ بۆشاییه‌کى ئه‌منى به‌رفراوان له‌ ناوچه‌که‌ دروست بووه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌ عێراقییه‌کانیش ناتوانن به‌ ته‌واوه‌تى کۆنترۆڵى بکه‌ن و پڕى بکه‌نه‌وه‌ مه‌گه‌ر هێزى پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌که‌ و کونترۆڵى بکات که‌ عه‌ره‌بى ره‌سه‌نى ناوچه‌که‌ش له‌ گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستانن نه‌ک عه‌ره‌به‌ هاورده‌کان که‌ له‌ دواى 16 ى ئوکتۆبه‌ره‌وه‌ حه‌شدى شه‌عبى ژماره‌یه‌کى زۆرى هێناوه‌ بۆ سنورى شاره‌دێى گوڵاڵه‌، ئه‌و عه‌ره‌به‌ ڕه‌سه‌نانه‌ پێیانباشه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ به‌رگریان لێبکات نه‌ک سوپاى عێراق وحه‌شدى شه‌عبى، چونکه‌ ئه‌وان ئه‌وه‌نده‌ له‌ حه‌شدى شه‌عبى ده‌ترسن ئه‌وه‌نده‌ له‌ داعش ناترسن.
عامر ڕه‌فعه‌ت هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد له‌ ئێستا عه‌ره‌بى ناوچه‌که‌ و حه‌شدى شه‌عبیش له‌ گه‌لًیان هه‌موو هه‌وڵێکیان خستۆته‌ گڕ بۆ ئه‌وه‌ى نه‌هێڵن هێزى پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌که‌ ، چونکه‌ ئه‌وان ده‌زانن که‌ پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌که‌ بارودۆخه‌که‌ کۆنترۆڵ ده‌کات وئه‌وانیش ئیتر ناتوانن له‌ گه‌ڵ داعش کارى تیرۆرستى دژ به‌ هاوڵاتییانى ناوچه‌که‌ ئه‌نجام بده‌ن.
هاوڵاتییه‌کى دانیشتووى ناوچه‌که‌ که‌ له‌ به‌ر حاڵه‌تى ئه‌منى نه‌یویست ناوى ئاشکرا بکرێت به‌ جه‌ماوه‌ر نیوزى ڕاگه‌یاند:- ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ ى که‌ له‌وێن له‌ رۆژدا ده‌بنه‌ حه‌شدى شه‌عبى  وبه‌ شه‌ویش ده‌بنه‌ داعش وهه‌رخۆیانن له‌ دوو به‌رگدا کارى تیرۆرستى ئه‌نجام ده‌ده‌ن ، ئه‌وه‌ى له‌ رۆژدا به‌ ناوى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ نه‌توانن ئه‌نجامى بده‌ن به‌ شه‌و به‌ ناوى داعشه‌وه‌ ئه‌نجامى ده‌ده‌ن وهه‌موو ئامانجه‌که‌شیان کورده‌ .
وتیشی هه‌ر کوردێک له‌ ناوچه‌که‌ کۆچ بکات به‌ره‌و شاره‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌ دواى خۆى ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ ده‌ست به‌ سه‌ر سه‌روه‌ت وسامانیدا ده‌گرن وهه‌رکه‌سێکیش به‌رگرى له‌ کورد بکات وه‌کو ئه‌و مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن و له‌و ڕووه‌وه‌ش ئیداره‌ى شاره‌دییه‌که‌ هه‌موو زانیارییه‌کى لایه‌، به‌ڵام ناویه‌رێت ده‌نگ بکات .
به‌ پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى که‌ ده‌ست جه‌ماوه‌رنیوز که‌وتوون له‌ ئێستا زیاتر له‌ سێ هه‌زار چه‌کدار هه‌ن له‌ ناوچه‌که‌ هه‌ندێکیان حه‌شدیش نین و به‌رگى حه‌شدییان له‌ به‌ردایه‌ و ژماره‌یه‌کیشیان وه‌کو داعش خۆیان ده‌خه‌ ڕوو وله‌ ناوچه‌که‌ جموجوڵ ده‌كه‌ن.