به‌ تۆمه‌تی ساخته‌كردنی دراو دوو تۆمه‌تبار ده‌ستگیران

09.07.2019
جەماوەر نیوز
به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ سلێمانی‌ ده‌ستگیركردنی‌ ژماره‌یه‌ك تۆمه‌تبار راده‌گه‌یه‌نێت,
دووان له‌تۆمه‌تباره‌كان مامه‌ڵه‌یان به‌دراوی‌ ساخته‌و ماده‌ی‌ هۆشبه‌ره‌وه‌ كردووه.‌
نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د, به‌رێوه‌به‌ری‌ به‌شی‌ راگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا ده‌ستگیركردنی‌ ژماره‌یه‌ك تۆمه‌تباری‌ راگه‌یاند.
نه‌قیب سه‌ركه‌وت وتى هه‌فته‌ی‌ رابردو چه‌ند حاڵه‌تێكی‌ به‌كارهێنانی‌ پاره‌ی‌ ساخته‌ له‌چه‌ند به‌نزینخانه‌و سوپه‌رماركێتێك تۆماركرا، دوای‌ تۆماركردنی‌ چه‌ند سكاڵایه‌ك له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌، به‌سه‌رپه‌رشتی‌ راسته‌وخۆی‌  به‌رێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، به‌شی‌ پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوان راسپێردران بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ تۆمه‌تباران.
ناوبراو هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد رۆژی‌ 7ی ته‌موز توانرا تۆمه‌تبارێك له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیدا ده‌ستگیربكرێت كه‌ بڕی‌ نزیكه‌ی‌ 10 هه‌زار دۆلاری‌ ساخته‌ی‌ پێبووه‌، له‌گه‌ڵ چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ ساخته‌و یه‌ك پارچه‌ كریستاڵ ‌و یه‌ك حه‌شیش. هه‌روه‌ها ده‌ستگیراوه‌ به‌سه‌ر یه‌ك ئوتومبیل له‌جۆری‌ رانجرۆڤه‌ر كه‌ له‌لایه‌ن تۆمه‌تباره‌كانه‌وه‌ به‌كارهێنراوه‌.
نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د وتیشی دوای‌ وه‌رگرتنی‌ وته‌ی‌ تۆمه‌تباره‌كه‌، دانیبه‌وه‌دانا كه‌ كه‌سێكی‌ دیكه‌ له‌ناوبازاردا هاوكاریی كردووه‌ كه‌ كاری‌ گۆڕینه‌وه‌ی‌ دراو ده‌كات، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ پۆلیسه‌وه‌ ئه‌ویش ده‌ستگیركرا، له‌كاتی‌ ده‌ستگیركردنیدا تۆمه‌تباری‌ دووه‌م برێك پاره‌ی‌ ساخته‌ی‌ توركی‌ پێبووه‌، له‌ئێستادا هه‌ردو تۆمه‌تبار به‌پێی‌ مادده‌ی‌ 289و 298 له‌یاسای‌ سزادان به‌بریاری‌ دادوه‌ر راگیراون.
هه‌روه‌ها هه‌فته‌ی‌ پێشو شۆفێری‌ ته‌كسییه‌ك ویستویه‌تی‌ ده‌ستدرێژی‌ بكاته‌ سه‌ر ئافره‌تێك كه‌ له‌گه‌ڵیدا سه‌ركه‌وتووه‌و لێیداوه‌، مه‌فره‌زه‌كانی‌ بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ كوردسات توانیان له‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا شۆفێری‌ ته‌كسییه‌كه‌ ده‌ستگیر بكه‌ن‌و روبه‌روی‌ دادگا كراوه‌ته‌وه‌.

زۆرترین خوێندراو