کۆمسیۆن: لە ھەڵبژاردنەکەی ئەمساڵ زیاتر لە 21 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان ھەیە

19.07.2025
جەماوەر نیوز
کۆمسیۆنی عیراق رایگەیاند، لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت، 21 ملیۆن و 200 ھەزار کەس مافی دەنگدانیان ھەیە.
عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی راگەیاندنی سەر بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند، تا ئێستا 19 ملیۆن دەنگدەر کارتی دەنگدانیان وەرگرتووە و دوو ملیۆن و 200 ھەزار کارتی دەنگدان ماون بەسەر دەنگدەراندا دابەش بکرێن.
وتیشی، تا مانگی ئابی داھاتوو سەرجەم کارتەکانی دەنگدان بەسەر دەنگدەراندا دابەش دەکرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ھەڵبژاردنی ساڵی 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا، 17  ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان ھەبوو، بەوەش ژمارەی دەنگدەران لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەراندا بەراورد بە ھەڵبژاردنەکەی ساڵی 2021، نزیکەی چوار ملیۆن دەنگدەر زیادی کردووە.
سەرۆکی تیمی راگەیاندنی سەر بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عیراق راشیگەیاند، تا ئێستا 31 ھاوپەیمانی، 41 پارت و 87 کەس وەک کاندیدی تاکە کەسی بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردن تۆمار کراون.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ