روانگەی سووری: بەهۆی گرژییەکانەوە لە سوەیدا 718 کەس کوژراون

19.07.2025
جەماوەر نیوز
روانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، بەهۆی گرژییەکانی ئەمدواییەی سوەیدا 718 کەس کوژراون و پێشڕەویی چەکداریی هۆزەکانیش بەرەو سوەیدا بەردەوامە.
روانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، هێشتا گرژییەکان لە شاری سوەیدا بەردەوامن و لە رۆژی 13ـی تەمموزەوە بەهۆی پێکدادانی هێزەکانی شەرع و چەکدارانی پێکهاتەی دروز 718 کەس کوژراون.
بەگوێرەی ئەو رێکخراوە، زۆرترین کوژراوەکان خەڵکی سوەیدا بوون کە 226 کەس کوژراون.
لەکۆی کوژراوەکانیش، 305 کەس لە وەزارەتی بەرگری و ئاسایشی گشتی بوون، هاوکات 165 کەست دیکەش بە مەیدانی لەسێدارەدراون و لەنێو کوژراوەکانیشدا میدیاکارێک هەیە.
روانگەی سووریی دەڵێت؛ تاوەکو دێت، لەگەڵ بەردەوامیی گرژییەکان، دۆخی مرۆیی سوەیدا بەرەو خراپتر دەچێت، هێڵی ئینتەرنێت و مۆبایل نییە، سەرجەم نەخۆشخانەکانی پارێزگاکە بەهۆی زۆریی بۆردوومانەکانەوە لەکارکەوتوون، هەروەها حاڵەتەکانی دزیکردن زیادیانکردووە و خۆراکیش کەمبووەتەوە.
پارێزگاى سوەیدا زۆرترین رێژەى پێکهاتەى دروز لەسەر ئاستى سووریا لەخۆدەگرێت، کە ژمارەیان بە 700 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت.
لە بەرەبەیانى رۆژى 13ـى تەمموز، رێگەى نێوان دیمەشق- سوەیدا، پەرەسەندنێکى ئەمنیی خێرای بەخۆوە بینی، پاشئەوەى گرووپە چەکدارەکان لە چەند شوێنێک رێگەکەیان گرت، دواتریش چەکدارانى هۆزى بەدو بە پشتیوانیى سوپا و هێزە ئەمنییەکان لە گوندەوارى دەرعاوە هێرشیانکردەسەر گوندەوارەکانى رۆژئاواى سوەیدا و پێکدادان لەنێوان چەکداران و خەڵکى گوندەکاندا روویدا.
لە مانگى نیسانى رابردووش، شەڕ و پێکدادانى چەکدارى لە دوو ناوچەى دیمەشق، گوازرایەوە بۆ سوەیدا و لە دەرئەنجامى پێکدادانى نێوان دروزەکان و سوپا لانىکەم 120 کەس کوژران، ئیسرائیلیش بۆ پشتیوانیی دروزەکان دەستوەردانى کرد و چەندین هێرشیکردە سەر پێگەکانى سوپاى سووریا لە ناوچەکەدا.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ