سەرۆکایەتیی سووریا ئاگربەستێکی گشتگیری ڕاگەیاند

19.07.2025
جەماوەر نیوز
سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا، بەهۆی "دۆخی هەستیاری وڵات" و لەپێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و یەکپارچەیی خاکی سووریا، ئاگربەستێکی گشتگیر و دەستبەجێی لەسەرتاسەری وڵاتدا ڕاگەیاند.
 ئەمڕۆ 19ـی تەمموزی 2025، لە ڕاگەیێنراوێکدا، سەرۆکایەتیی سووریا داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات بەبێ جیاوازی پابەندی تەواوی ئەم بڕیارە بن و دەستبەجێ هەموو چالاکییە شەڕانگێزییەکان لە سەرجەم ناوچەکاندا ڕابگرن. هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە پابەندبوون بەم ئاگربەستە، سەقامگیری مسۆگەر دەکات، خوێنڕشتن ڕادەگرێت و ڕێگە بۆ گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بەبێ هیچ ئاستەنگێک خۆش دەکات.
لە هەمان کاتدا سەرۆکایەتیی سووریا ئاشکرای کردووە کە هێزەکانی ئاسایش دەستیان کردووە بە بڵاوبوونەوە لە ژمارەیەک ناوچەدا بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە، پاراستنی ئاسایشی گشتی و دابینکردنی سەلامەتیی هاووڵاتیان و موڵک و ماڵیان.
لە کۆتایی ڕاگەیێنراوەکەدا، سەرۆکایەتیی کۆمار هۆشداری دەدات لە هەر پێشێلکارییەک بەرامبەر ئەم بڕیارە و بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی نیشتمانی" ناوی دەبات. هەروەها دووپاتی دەکاتەوە کە ڕووبەڕووی هەر لایەنێک دەبنەوە کە بڕیارەکە پێشێل بکات، بەپێی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ