رووسیا و تورکیا داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا دەکەن

19.07.2025
جەماوەر نیوز
نووسینگەی سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، بە هاوتا رووسییەکەی راگەیاندووە، رووبەڕووبوونەوەکانی سووریا مەترسی لەسەر تەواوی ناوچەکە هەیە.
نووسینگەی سەرۆکایەتی تورکیا بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و ڤیلادیمیر پوتن سەرۆکی رووسیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و تیایدا پرسی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات و دۆخی سووریایان تاوتوێکردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکایەتی تورکیا، ئەردۆغان بە پوتنی راگەیاندووە، بەردەوامیی توندوتیژییەکانی سوەیدا لە باشووری سووریا پاش کشانەوەی هێزە ئەمنییەکان هەڕەشەیە بۆ تەواوی ناوچەکە.
ئەردۆغان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا دژایەتی خۆی بۆ دەستوەردانەکانی ئیسرائیل پیشانداوە و رایگەیاندووە، بەدەبوو ئیسرائیل سەروەریی خاکی سووریا پێشێلبکات.
لای خۆشیەوە، کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا، کرێملن، رایگەیاند، پوتن نیگەرانیی قوڵی خۆی بەرامبەر گرژی و ئاڵۆزییەکانی سووریا دەربڕیوە.
کرێملن ئاشکراشی کردووە، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی ئاساییکردنەوەی دۆخی سووریا و چارەسەرکردنی کێشەکان لەڕێگەی گفتوگۆ کردووەتەوە.
گرژی و ئاڵۆزییەکانی سووریا لە شاری سوەیدای دروزنشین لە رۆژی شەممەی رابردووەوە بەردەوامە، بەگوێرەی ئامارەکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە رۆژی دووشەممەوە زیاتر لە 400 کەس و لەسەرەتای دەستپێکی ئاڵۆزییەکانیشەوە زیاتر لە 600 کەس کوژراون.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ