رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ له‌ باره‌ی دۆخی ئه‌منی عێراق ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

05.12.2019
جەماوەر نیوز
رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ ده‌ڵێت، دژبه‌یه‌كیی نێوان قسه‌كانی حكومه‌ت و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق ده‌ریده‌خات كه‌ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كان كۆنترۆڵی هێزه‌كانی خۆی پێناكرێت.
رێكخراوی رایتس وۆچ راپۆرتێكی نوێی له‌باره‌ی توندوتیژییه‌كانی عیراق بڵاوكرده‌وه‌، له‌ ڕاپۆرته‌كه‌یدا هاتووه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق به‌رده‌وامن له‌ به‌كارهێنانی هێز دژی خۆپێشانده‌ران، سه‌ره‌ڕای فه‌رمانپێكردنیان له‌لایه‌ن عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆكی حكومه‌تی ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كان  بۆئه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ نه‌كه‌ن.
سارا واتسن به‌ڕێوه‌به‌ری لقی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی هیومان رایتس وۆچ ده‌ڵێت، پێویسته‌ حكومه‌ت كۆتایی به‌ كوشتنی نایاساییانه‌ بهێنێت و روونی بكاته‌وه‌ كه‌ بۆچی ناتوانێت هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كۆنترۆڵ بكات، دژبه‌یه‌كیی نێوان راگه‌یه‌ندراوه‌كانی حكومه‌ت و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات، كه‌ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق كۆنترۆڵی هێزه‌كانی خۆی پێناكرێت. 
هیومان رایتس وۆچ به‌پێویستی ده‌زانێت به‌رپرسانی عیراق لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هه‌ر رووداوێكی كوشتن له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ بكه‌ن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سوود له‌ توانای شاره‌زایانی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ربگرن.

زۆرترین خوێندراو