به‌ڕێز محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی ڕێكخراوی لاوانی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی خوێندكارانی كوردستان ده‌كات

04.04.2020
جەماوەر نیوز

به‌ڕێز محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ هه‌ردوو ڕێكخراوی لاوانی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی خوێندكارانی كوردستان كرد  به‌ بۆنه‌ی 37 هه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندننیانه‌وه‌.

 

ده‌قی په‌یامی پیرۆزبایی بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود :
بەرز و شکۆدار بێت۳۷هەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوەکانی (لاوانی کوردستان) و (بزوتنەوەی خوێندکارانی کوردستان)
بەبۆنەی ۳۷ ساڵەی یادی دامەزراندنی ڕێکخراوی لاوانی کوردستان و بزووتنەوەی خوێندکارانی کوردستان، پیرۆزبایی گەرم لە سکرتێر و ئەندامانی لاوانی کوردستان و بزووتنەوەی خوێندکارانی کوردستان دەکەم، سەری ڕێزو وەفا بۆ شەهیدانی ڕێگای بزووتنەوەی خوێندکاری و لاوانی کوردستان دادەوێنین.
بەڕێزان بزووتنەوەی خوێندکاریی کوردستان کە لاوان سەرمەشقی ئەم بزووتنەوەیەیان کردوە شان بەشانی خوێندکاران و بوونەتە سەر نوکی ڕمی شۆڕشی ئازادی نیشتمانی لە کوردستان دا وێڕای وزەو تواناکانیان بۆ بونیادنانی کۆمەڵگایەکی هوشیارو تەندروست لەڕێگای زانست و زانیاری و پەروەردە و فێرکردنەوە، هەوڵی شۆڕشگێڕانەشیان گەواهی دەری ئەو ڕاستیە بەڵگەنەویستە بووە، کە هەماهەنگ و هاوکاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون لەشۆڕشی نوێخوازی گەلەکەمان دا لەم ڕێگا شکۆدارەشدا بەسەدان خوێندکارو لاوانی کوردستان لە بزووتەوەی خوێندکاران و لاوانی کوردستان گیانی خۆیان پێشکەش بە گەل و نیشتمانەکەیان کردوە چ لەزیندانەکانی ڕژێمی لەناوچوی بەعسدا بوبێ کە لەسێدارەدراون لەناو هێزی پێشمەرگەدا وەک پێشمەرگە و کادر شەهید کراون.
هەربۆیە، دامەزراندنی پەرلەمان و حوکمەتی هەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگە لەسەروەریەکانی خوێندکاران و لاوانی کوردستان. بۆیە پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حوکمەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا تەواوی هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی ئەو فەزا گونجاوەی زانست و پەروەردە بێ بۆ خوێندکاران و زەمینە دروست بکەن بۆ داهێنانی لاوانی بەهرەمەند لەسێکتەرە جیاجیاکانی ژیاندا، تاوەکو کۆمەڵگای بەسوود بونیادبنێن بۆخزمەتکردن بە نەوەکانی ئێستاو ئایندەی گەلەکەمان. جارێکی تریش یادو یادەوری دامەزراندنی بزووتنەوەی خوێندکارانی کوردستان و لاوانی کوردستان بەرز و پیرۆزبێ.

دڵسۆزتان
محەمەد حاجی مەحمود

۲٠۲٠/٤/٤
گوڵەخانە


زۆرترین خوێندراو