وه‌زاره‌تی ناوخۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سێ ئه‌فسه‌ری توركمان ده‌كات

22.07.2021
جەماوەر نیوز

سێ ئه‌فسه‌رى توركمان له‌ كاتى به‌ڕێوه‌چوونى مه‌راسیمێك له‌ كه‌ركووك به‌ ئاماده‌بوونى باڵیۆزى توركیا، سڵاو بۆ سروودى نیشتیمانى توركیا ده‌كه‌ن و وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كات.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 22ى ته‌موزی 2021 ماڵپه‌ڕى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى بڵاویكرده‌وه‌ عوسمان غانمى، وه‌زیرى ناوخۆى عێراق داواى لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌و سێ ئه‌فسه‌ره‌ كردووه‌، كه‌ له‌ كاتى مه‌راسیمێك سڵاوى سه‌ربازییان بۆ سروودى نیشتیمانى توركیا كردووه‌.
له‌ 14ى ته‌موزى رابردوو له‌ مه‌راسمێكدا بۆ ساڵیادى كوشتارگه‌ى كه‌ركوك كه‌ له‌ ساڵى 1959 له‌سه‌ر ده‌ستى سوپای عێراق دژ به‌ كه‌ركوكییه‌كان ئه‌نجامدراوه‌، باڵیۆزى توركیا ئاماده‌ بوو، له‌ كاتى سروودى نیشتیمانى توركیا سێ ئه‌فسه‌ر سڵاوى سه‌ربازییان كردووه‌.
سێ ئه‌فسه‌ره‌كه‌ له‌ پێكهاته‌ى توركمانن و یه‌كێكیان ته‌ها سه‌لاحه‌دینه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى هۆبه‌ى بازگه‌كانه‌، مسته‌فا نه‌وزاد ئه‌فسه‌رێكى تره‌ كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى بنكه‌یه‌كى پۆلیسه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌رێكى ئافره‌ت ناوى فاتیمه‌ وه‌حیده‌.
سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ سكاى نیوز باسى له‌وه‌ كردووه‌ هه‌رچه‌نده‌ لایه‌نه‌ توركمانییه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام وه‌زاره‌تى ناوخۆ پێداگریى له‌سه‌ر لێپرسینه‌وه‌یان ده‌كات، چونكه‌ پێشێلى چه‌ندان یاسایان كردووه‌.


زۆرترین خوێندراو