کازمی 10 ملیۆن دینار ده‌به‌خشێت به‌ کەسوکاری کوژراوەکانی شارەبان

28.10.2021
جەماوەر نیوز
مستەفا کازمی بڕیاریدا 10 ملیۆن دینار بدرێتە کەسوکاری کوژراوەکانی شارەبان و ملیۆنێک دیناریش بدرێتە هەر خێزانێکی ئاوارە؛ هاوکات 227 خێزانی ئاوارەی شارەبان دەبردرێنە خانەقین.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئه‌مڕۆ پێنجشەممە 28-10-2021 بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک فەرماندەی ئەمنی و سەربازی کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاووتوێکردنی دۆخی ئەمنیی پارێزگای دیالە و قسەکردن لەبارەی کاری لیژنەی ئەمنیی پێکهێندراو لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە کە رەوانەی پارێزگاکە کراوە. سەرۆک وەزیران رایگەیاند، هێزەکانی عێراق وەڵامی خێرایان دەبێت و داوای لە سەرجەم لایەنەکانیش کرد ژیانی تاڵی هاووڵاتییان نەقۆزنەوە لەپێناو هەندێک دەستکەوتدا و گوتی، پێویستە لایەنەکان لەپێناو شکستپێهێنانی تیرۆر پێکەوەبن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا کازمی ژمارەیەک راسپاردەی دایە فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکانی پارێزگای دیالە، ئەوەش بە مەبەستی بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری و لەنێوبردنی پاشماوەکانی داعش. هەروەها داوایکرد، بواری هەواڵگری چالاکتر بکرێت و گوتیشی، پێویستە رێگە نەدرێت کار بۆ قووڵکردنەوەی جیاوازییە تائیفییەکان بکرێت.
هاوکات ئەمڕۆ پێنجشەممە لەمیانەی سەردانەکەیاندا بۆ پارێزگای دیالە و قەزای شارەبان، وەزیرانی ناوخۆ و کۆچ و کۆچبەران و راوێژکاری کاری ئاسایشی نیشتمانی، سەردانی کەسوکاری قوربانییەکانیان کرد، هەروەها لە نەخۆشخانە سەردانی بریندارەکانیان کرد و لە نزیکەوە لە دۆخی تەندروستییان پرسی.
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، دوێنێ 227 خێزان لە دوو گوندی میساق و نەهرل ئیمام لە سنووری شارەبان ئاوارە بوون و ئەوانیش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان بە شێوەیەکی کاتی دەگوازرێنەوە کامپی خانەقین تاوەکو ئاسایشی گوندەکان سەقامگیر دەبێت.
ئیڤان فایەق راشیگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە 10 ملیۆن دینار بدرێتە کەسوکاری کوژراوەکان و ملیۆنێک دیناریش بدرێتە هەر خێزانێکی ئاوارە، لەگەڵ پێدانی بڕە پارەیەکی دیکە دوای ئەوەی دەگەڕێنەوە.
فارس عەززاوی، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دیالە راگەیاند، دوایین ئاماری فەرمیی قوربانییانی هێرشەکەی سەر گوندی رەشادی قەزای شارەبان 13 کوژرا و و نزیکەی 25 بریندارە و چوار لە بریندارەکانیش تاوەکو ئێستا لە نەخۆشخانە ماون و چارەسەر وەردەگرن.
شەوی سێشەممە 26-10-2021، ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیان کردە سەر گوندی رەشاد لە قەزای شارەبانی سەر بە پارێزگای دیالە، کە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری بەغدا بە دووریی 90 کیلۆمەتر.


زۆرترین خوێندراو