به‌ڕێز محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود په‌یامێك ئاراسته‌ی پارتی و یه‌كێتی ده‌كات

08.06.2019
جەماوەر نیوز
به‌ڕێز محەمەدى حاجی مەحمود داوا لە پارتی و یەكێتی ده‌كات كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەن، بۆ ئەوەی ئەو دڵراوكێیەی لەنێو خەڵكی كوردستان ھەیە نەیھێڵن".
به‌ڕێز محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود هێماش بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات لەم دوو رۆژەی داھاتوو دەرفەتێكی دیكە ھەیە بۆ یه‌كێتی و پارتی دەتوانن گفتوگۆ بكەن، بۆ ئەوەی بگەن بە ئەنجامێكی باش و دڵی خەڵك خۆش بكەن.
له‌ دیدارێكی تایبه‌تی كوردستان 24 ڕایگه‌یاند ھەلومەرجی ئێستای ناوچەكە ھەستیارە و كورد پێویستی بە یەكگرتن و یەك ھەڵوێستی ھەیە، بە تایبەتی رێككەوتن لەنێوان پارتی و یەكێتی گرنگە".
وتیشی پۆستی پارێزگارێك و پۆستەكانی دیكە، بە قەد دۆزی میللەتێك گرنگ نییە، كە 10 مانگ بەسەر ھەڵبژاردن دا تێپەڕێت و حكومەت پێكنەھێنرێت، پێویستە پارتی و یەكێتی ھەنگاوی باشتر و كاریگەرتر بنێن بۆ پێكھێنانی حكومەت، بۆ ئەوەی ھەموومان بە ئاسوودەیی پێكەوە بژین، جگە لە رێككەوتن ھیچ بەدیلێكی دیكەی باش نییە.
به‌ڕێز محەمەدى حاجی مەحمود ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو پێویستە متمانە بۆ پەیوەندی نێوان لایەنەكان بگەڕێتەوە، ئەوكاتە گرنگ نییە ھەموو كێشەكان بە پێكەوە بە پاكێجێك چارەسەر بكرێن .
ئاماژەی بەوەشدا لەكاتی كۆبوونەوەی رابردووی پەرلەمانی كوردستان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، لەگەڵ سەركردە و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی لەسەر خەت بووم، بڕیاربوو ھەموو پەرلەمانتارانی یەكێتی بەشداری لە كۆبوونەوەكە بكەن، بەداخەوە دوای كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دۆخەكە بە ئاقارێكی دیكەدا چوو.
به‌ڕێز محەمەدى حاجی مەحمود داوا لە پارتی و یەكێتی دەكەم كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەن، بۆ ئەوەی ئەو دڵراوكێیەی لەنێو خەڵكی كوردستان ھەیە نەیھێڵن. لەم دوو رۆژەی داھاتوو دەرفەتێكی دیكە ھەیە دەتوانن گفتوگۆ بكەن، بۆ ئەوەی بگەن بە ئەنجامێكی باش و دڵی خەڵك خۆش بكەن، دڵنیابن خەڵكی كوردستان دڵخۆش نییە بە دواكەوتنی پێكھێنانی كابینەی حكومەت و شەڕە قسەی راگەیاندنەكان، بەڵكو خەڵك داوای خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی دەكات".
دەربارەی بەشداریكردنی یەكێتی لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان كە 10ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت به‌ڕێز محەمەدى حاجی مەحمود رایگەیاند ئەمڕۆ و سبەی زۆر ھەستیارە بۆ ھەموو لایەك، بەشداریكردنی یەكێتی لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی ھەرێم گرنگی و كاریگەری خۆی دەبێت، بۆیە داوا لە خوشك و برایانم لە سەركردایەتی یەكێتی و پارتی دەكەم، دووسبەی پێكەوە كۆببنەوە، دواتر دەتوانن لەسەر وردەكارییەكان گفتوگۆ بكەن، نابێ پۆستی وەزیرێك و پارێزگارێك ببێتە ھۆكار كە پرسە گرنگەكانمان بیربچێت، بۆیە جارێكی دیكە تكایان لێدەكەم لە رێوڕەسمی سوێندخوارنی سەرۆكی ھەرێم ھەموویان پێكەوە كۆببنەوە.
به‌ڕێز محەمەدى حاجی مەحمود نیگەرانی خۆشی لە خراپی پەیوەندیی نێوان حزبەكانی كوردستان دەربڕی و وتی لەم دۆخە ھەستیارەدا ھیچ گفتوگۆیەك لەنێوان لایەنەكان نییە، لەگەڵ ھەندێك سەركردەی حزبەكان، تەنھا ئەگەر لە پرسە و بۆنەكان یەكتر ببینین، پێویستە لەم كاتەدا گفتوگۆ دانیشتنمان زیاتربێت، پێویستە ئەنجومەنێك دروست بكرێت، بۆ ئەوەی ھەموو ھێزە كوردییەكان كۆبكاتەوە.

زۆرترین خوێندراو