سبه‌ی په‌رله‌مان مه‌سرور بارزانی ڕاده‌سپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌ت

10.06.2019
جەماوەر نیوز
سبەی سێشەممە 11ی حوزه‌یران مەسرور بارزانی، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ رادەسپێردرێت.
دوا نیوه‌ڕۆی ئه‌مرۆ له‌ كۆتای مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم ڤالا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند سبەی پەرلەمانی کوردستان بۆ دەستنیشانکردن سەرۆکی نوێی حکومەت کۆدەبێتەوە.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره‌ (8)ی ئاساییی رۆژی سێشه‌مه‌ رێكه‌وتی 2019/6/11ی راگه‌یاند، كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه‌:
به‌رنامه‌ى كار
به‌پێی حوكمی بڕگه‌كانی (یه‌كه‌م، دووه‌م، سێیه‌م) له‌ مادده‌ى (16) و برگه‌ی (سَییه‌م) له‌ مادده‌ی (18) و مادده‌كانی (47، 48، 52، 55، 56، 57)، له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانى كوردستان ـ عیراق، ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان بڕیاریدا به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره‌ (8)ى ئاسایی خولی به‌هاره‌ی ساڵی یه‌كه‌م له‌ خولــی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌ كاتژمێر (11)ى پێشنیوه‌ڕۆی رۆژی سێشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 11/6/2019 به‌م شێوه‌یه‌ بێت:
یه‌كه‌م: ده‌ستنیشانكردنی سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی هه‌رێمی كوردستان، به‌پێی بڕگه‌ (3) له‌ مادده‌ی (56)ی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو.