د.فازڵ نەبی: بەربەست لەبەردەم نەناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان نامێنێت

27.09.2025
جەماوەر نیوز
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: دوای ڕێککەوتنی سێ لایەنە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان، بەر بەستێکی گەورە لەبەردەم نەناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان نامێنێت.

 دوای ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و کۆمپانیاکانی بواری بەرهەمهێنانی نەوت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەناردەکردنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستیپێکردەوە. 

 د. فازل نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عیراق، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: ئەم ڕێککەوتنە لە سوودی کوردستان و عێراقدایە، بەگوێرەی یاسا حکومەتی فیدراڵ دەبێت سەرجەم شایستە داراییەکان وەکو خۆی بۆ هەرێم بنێرێت.  

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عیراق باسی لەوەشکرد:-

ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە بنەمایەک بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2026، بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە ئەگەر هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 190 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات و مانگانە 120 ملیار دینار وەکو داهاتی نانەوتی بۆ عێراق بنێرێت، ئەوا مانگانە 600 ملیار داهات دەگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی وەزارەتی دارایی عێراق، بەمەش بەربەستی بەردەم نەناردنی مووچە چارەسەر دەکرێت.

 هەرێمی کوردستان پشکی هەیە لە بودجەی گشتیی عێراق، دوای ئەم ڕێککەوتنە حکومەتی فیدراڵی دەبێت شایستەی دارایی بەکارخستن و وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان و پترۆ دۆلاریش بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت

 پێویستە پێش 20-12-2025 عێراق تەواوی مووچە سەرجەم مانگەکان بنێرێت، لەدوای ئەو ڕێککەوتە مووچەکە نەنێردرێت، ئەمساڵ دوو مووچە دەفەوتێت. 

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ