نەرمین مەعروف: مەرجی عێراق بۆ مووچەی مانگەكانی داهاتوو به‌بانكیكردنه‌

17.07.2025
جەماوەر نیوز
ئەندامێكی كوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باس لە پەسەند كردنی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەكات لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە و ڕایدەگەیەنێت، مەرجی عێراق بۆ مووچەی مانگەكانی داهاتوو تەواو كردنی بەبانكی كردنی مووچەیە.
د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، بە هەوڵ و کۆششی بافڵ تاڵەبانی ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ڕێکكەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ لەبارەی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم پەسەندکرا.
ڕاشیگەیاندووە، بەپێی ڕێکەوتنەکە لەچوارچێوەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی فیدڕاڵ و هەمواری یاساکە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت دەداتە کۆمپانیای سۆمۆ بەمەبەستی هەناردەکردن، لەچوارچێوەی یاسای ئیدارەی مالی مانگانە 120 ملیار داهاتی نانەوتی دەداتە خەزێنەی حکومەتی فیدڕاڵ، لەبەرامبەردا حکومەتی فیدڕاڵ مووچەی موچەخۆرانی هەرێم خەرج دەکات بەمەرجێک لە چەند مانگی داهاتوو پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچە لە هەرێم تەواوبکرێت.
دەشڵێت: لە دەستپێکی جێبەجێکردنی ئەم ڕێکكەوتنە حکومەتی فیدڕاڵ ڕەزامەندی دا بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێم.
جەختیشی كردۆتەوە، لەچوارچێوەی ئەرکی پەرلەمانیی چاودێر دەبین بۆ پابەندبوونی هەردوولا بە جێبەجێکردنی ڕێکكەوتنەکە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە ڕێككەوتنەكەی نێوان هەرێم و عێراق، كە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندی كردووە و ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویكردۆتەوە، لە بەشی دووەم بڕگەی 3 ئاماژە بەوەكرداوە، كە دەبێت لە ماوەی 3 مانگدا پڕۆسەی تەوتینی مووچەخۆرانی هەرێم تەواو بكرێت.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ