کاتی گرێبەستی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە مانگێک درێژکرایەوە

16.10.2025
جەماوەر نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێ، کاتی نوێکردنەوەی گرێبەستی کۆمپانیاکانیان یەک مانگ درێژکردووەتەوە. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێ، هەر کۆمپانیایەک سەرپێچی بکات، سزا دەدرێ.

راگەیێندراوەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "بڕیاربوو 15-10-2025 دواکات بێت بۆ ئه‌نجامدانی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی حه‌ج و عومره‌ به‌ مه‌به‌ستی رێكخستنی گه‌شتی عومره‌ بۆ هاووڵاتییان، به‌ڵام له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا کاتەکە یەک مانگ درێژکرایەوە".

کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "هەر کۆمپانیایەک بەبێ گرێبەستی نوێ گەشتی عومرە ئەنجام بدات، رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەکەینەوە".

وتەبێژی حەج و عومرە وتی: "ناکرێ هەرکەس یان کۆمپانیایەک بیەوێ خەڵکی هەرێمی کوردستان سەربەخۆیانە بباتە سعودیە و گوێ بە رێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەدات، بۆیە رێگەنادەین بەبێ گرێبەست و رێکاری فەرمی گەشتی عومرە بکرێت".

405 کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان هەن کاروباری رێوڕەسمەکانی عومرە رێکدەخەن. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تاوەکو ئەمڕۆ 242 كۆمپانیا گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ به‌رێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ کردووە.

بەگوێرەی ئاماری حەج و عومرە، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 50 هەزار کەس دەچنە وڵاتی سعودیە بۆ رێوڕەسمەکانی عومرە.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ