لیژنەی باڵای ئەمنیی عێراق و هەرێمی کوردستان پلانی ئەمنیی هەڵبژاردنیان تاوتوێ کرد

22.10.2025
جەماوەر نیوز
لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆبوونەوە و تیایدا پلانی ئەمنیی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان تاوتوێ کرد. هەردوولا جەختیان لە خستنەگەڕی هەموو توانایەک کردەوە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە کەشێکی ئارام و سەقامگیردا.
ڕۆژی سێشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2025، لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی فەریقی یەکەم قەیس خەلەف، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی عێراق، فەریق هادی ڕزیج، بریکاری وەزیری ناوخۆی عێراق، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەمنی و نوێنەرانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئامادەی بوون، چەندین پرسی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پلانی ئەمنی تاوتوێ کران.
گفتوگۆ لەبارەی پلانی ئەمنیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هاوکاریکردنی کۆمیسیۆن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پارێزراو کرا و ڕۆڵی هەموو لایەنەکان لە بەڕێوەچوونی پرۆسەکەدا بەرز نرخێندرا. هەروەها جەخت لە خستنەگەڕی هەموو توانایەك كرایەوە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لەكەشێكی ئارام و سەقامیگیردا

بابەتی هاوشێوە