وه‌زاره‌تی كاره‌با: تاوه‌كو کۆتایی 2026 كاره‌بای 24 كاتژمێری هەمو ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە

26.10.2025
جەماوەر نیوز
وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ  پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری فراوانتر دەبێت و تاوه‌كو کۆتایی ساڵی 2026 هەمو ناوچەکانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.

وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، " هەواڵی کەناڵێکی ڕاگەیاندن لەسەر پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری ڕەت دەکەینەوە، ئەم پڕۆژە خزمەتگوزارییە یەکێک لە دەستکەوت و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ فراوانتر دەبێت و تا کۆتایی ساڵی 2026 هەمو ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، بڵاوکردنەوەی هەواڵی "چەواشەکاری" لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا، یاریکردنکردنە بە هەست و سۆزی هاوڵاتیان، وەزارەتی کارەبا بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت لە دادگا و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان سکاڵا دژی ئەو کەناڵانە تۆمار بکات کە "هەواڵی ناڕاست" و دور لە بنەماکانی ڕاگەیاندن بڵاودەکەنەوە.

25ی (ته‌موز/7)ی 2024 وەزارەتی کارەبا دەستپێکی پرۆژەیەکی ئەزمونی كاره‌بای 24 كاتژمێری ڕاگه‌یاند، له‌ ئێستادا به‌شێك له‌ هه‌رێمی كوردستان كاره‌بای 24 كاتژمێری هه‌یه‌ و به‌پێی لێدوانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ بێت تا كۆتایی 2026 ته‌واوی مۆلیده‌كان ده‌كوژێنرێنه‌وه‌، به‌ڵام به‌شێك له‌ هاوڵاتیان گله‌ییان له‌ نرخی كاره‌باكه‌ هه‌یه‌، دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ نرخه‌كه‌ی بۆ چه‌ند هێنده‌ به‌رزكرده‌وه‌.

بابەتی هاوشێوە