زانکۆی سەڵاحەددین دەرچوانی پۆلی 12 ئاگادار دەکاتەوە

26.10.2025
جەماوەر نیوز
زانکۆی سەڵاحەددین ئاگاداری ئەو قوتابیانەی پۆلی 12 دەکات کە لە سیستمی زانکۆلاین ناویان لە هیچ بەشێک نەگەڕاوەتەوە، دەتوانن بۆ بەشێکی کۆلێژی زانستە سیاسییەکان فۆڕمی ڕاستەوخۆ وەربگرن و داواکاری پێشکەش بکەن.

 ئەمساڵ جگە لە سیستمی زانکۆلاین، بەشێک لە زانکۆکان لەو کورسییە بەتاڵانەی لە بەش و کۆلیژەکان ماونەتەوە، بڕیاریانداوە بە فۆڕمی ڕاستەوخۆ قوتابیان وەربگرن.

 سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند ، هەموو ئەو دەرچوانەی پۆلی 12 ئاگادار دەکەینەوە کە ناویان لە هیچ شوێنێک نەگەڕاوەتەوە دەتوانن داواکاری بۆ بەشی سیسته‌می سیاسی و سیاسه‌تی گشتی بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 پێشکەش بکەن.

بەوتەی سامان عەبدوڵڵا، لە ئەمڕۆوە فۆڕم بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە كۆلێژی زانسته‌ سیاسییه‌كانی سەر بە زانکۆی سەڵاحەددین دابەش دەکرێت و تا کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت.


باکگراوند: ئەمساڵ زانکۆی سەڵاحەددین حەوت هەزار و 87 قوتابی لە ڕێگای زانکۆلاین وەرگرتووە و ئەو ژمارەیە لە 16 کۆلێژ و 89 بەش دەخوێنن.

بابەتی هاوشێوە