كاره‌بای 24 كاتژمێری گه‌یشته‌ 70%ی دانیشتوانی هه‌رێم

31.10.2025
جەماوەر نیوز
وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، نزیكه‌ی 4.5 ملیۆن هاوڵاتی كاره‌بای 24 كاتژمێرییان بۆ دابینكراوه‌ له‌ پڕۆژه‌ی ڕوناكی كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی 70%ی دانیشتوانی هه‌رێم.
كاره‌بای 24 كاتژمێری گه‌یشتوه‌ته‌ نزیكه‌ی 4.5 ملیۆن هاوڵاتی، كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی له‌ 70%ـی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ی ڕوناكی، له‌چوارچێوه‌ی ئه‌م هه‌نگاوه‌ش سه‌نته‌ری هه‌ردو شاری سۆران و زاخۆ كاره‌بای 24 كاتژمێرییان بۆ دابینده‌كرێت له‌ڕێگه‌ی پڕۆژه‌ی ڕوناكی و ئاماده‌كارییه‌كان ده‌ستیانپێكردوه‌ بۆ دابینكردنی كاره‌بای به‌رده‌وام له‌ ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین.
نزیكه‌ی سێ هه‌زار و 700 مۆلیده‌ی گازوایل له‌ گه‌ڕه‌كه‌كان كوژێنراونه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌كاته‌ زیاتر له‌ 50%ی كۆی گشتی مۆلیده‌كانی كوردستان، تا كۆتایی ساڵی 2026یش، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پلانیدایه‌ زیاتر له‌ حه‌وت مۆلیده‌ بكوژێنێته‌وه‌. 

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوتر ڕایگه‌یاندبو كه‌ هاوڵاتییان كه‌مترین پاره‌ی كاره‌بایان دابو له‌ پسوله‌كانی مانگی (ئاب/8)، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نرخه‌ نوێیه‌كان كه‌وا بۆ پاراستنی خێزانه‌ كه‌مده‌رامه‌ته‌كان و هاندانی هاوڵاتییان بۆ به‌كارهێنانی به‌رپرسیارانه‌ی كاره‌باوه‌ دانراون، له‌ژێر نرخه‌ نوێیه‌كاندا، 80%ـی هاوڵاتییان پاره‌یه‌كی كه‌متر ده‌ده‌ن به‌ كاره‌با به‌ به‌راورد به‌و پاره‌یه‌ی ده‌یاندا به‌ هه‌ردو كاره‌بای نیشتمانی و كاره‌بای مۆلیده‌ گازوایله‌كان.

مانگی (تشرینی دوه‌م/11)ی ساڵی 2024، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پڕۆژه‌ی ڕوناكی ڕاگه‌یاند به‌ مه‌به‌ستی گه‌یاندنی كاره‌بای 24 كاتژمێری بۆ سه‌رجه‌م ماڵ و شوێنه‌ بازرگانییه‌كان تاوه‌كو كۆتایی ساڵی 2026. 

بابەتی هاوشێوە