په‌یامی محمد حاجی مه‌حمود به‌بۆنه‌ی كۆتاییهاتنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

07.11.2025
جەماوەر نیوز
په‌یامی به‌ڕێز محمد حاجی مه‌حمود به‌بۆنه‌ی كۆتاییهاتنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

 جەماوەری خۆڕاگری کوردستان
هاووڵاتیانی ئازیز، كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان، سه‌رجه‌م هێزه‌كانی سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ، ئه‌ندامان و ده‌نگده‌رانی لیستی 216 ی حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان.

وا نزیك ده‌بینه‌وه‌ له‌ كۆتا ساته‌كانی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كه‌ بێگومان پرۆسەی هه‌ڵبژاردن خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگە بۆ ده‌ستاو ده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات و هه‌نگاونان به‌ره‌و سیستمی دیموكراسی و ژیانێكی باشتر بۆ خه‌ڵك.

ئێمه‌ش هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ لیستی 216 ی حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان ده‌كه‌ینه‌ سه‌نگه‌رێك بۆ به‌رگری له‌ مافی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان و به‌هێزكردنی پێگه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان.

 به‌دڵنیاییه‌وه‌ لیستی 216 و كاندیده‌كانی، پێشمه‌رگه‌ ئاسا خزمه‌ت به‌ دۆزی ڕه‌وای میلله‌ته‌كه‌مان و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان ده‌كه‌ن و هه‌رگیز سازش له‌ سه‌ر مافی خه‌ڵك و خاكی كوردستان ناكه‌ن.

پەیامی ئێمە پەیامی (ئاشتی و دیموکراسی خۆشگوزەرانییه‌) بۆ خەڵکی کوردستان، ئەوە ئێمەین خاوەنی نیو سەدە تێکۆشان و قوربانیدان و بەرگرین لە خاک و خەڵکی کوردستان. دەنگدان بەکاندیدەکانی لیستی 216 ی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، دەنگدانە بە خوێنی شەهیدان و داهاتویەکی گەش بۆ میللەتەکەمان و جێبەجێکردنی دەستوری عێراقی وەک خۆی، لەپێناو دەستەبەرکردنی ئاشتی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری سیاسی و ئابووری و بنبڕکردنی گەندەڵی و چەسپاندنی یاساو ده‌ستور و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێگه‌ی به‌هێزی گه‌له‌كه‌مان بۆ ناوه‌ندی بڕیار له‌به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی چیتر كورد له‌عێراقدا وه‌ك كه‌مینه‌و ده‌ره‌جه‌ دوو مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كرێت ، ئه‌وه‌ ته‌نها لیستی 2016یه‌ كوردانه‌ ده‌چێته‌ به‌غداو سه‌رسه‌ختانه‌ به‌رگری له‌شوناس و زمان و كه‌لتوری ڕه‌سه‌نی میلله‌ته‌كه‌مان ده‌كات. 

له‌م ساته‌ مێژوویه‌دا داوا له‌ جەماوەری كوردستان و سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كان ده‌كه‌ین له‌ پارێزگاكانی (سلێمانی و هه‌ولێرو دهۆك و كه‌ركوك و دیالی) ئازایانه‌ به‌شداری پرۆسه‌كه‌ بكه‌ن و له‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 11/11 بچنه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگ به‌ كاندیده‌كانی لیستی 216ی حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بده‌ن.

له‌كۆتاییدا هیوادارین پرۆسه‌یه‌كی پاك و بێگه‌رد دوور له‌هه‌ر خروقات و پێشێلكارییه‌ك به‌ڕێوه‌بچێت  تا متمانه‌ بۆ خه‌ڵك بگه‌ڕێته‌وه‌. 

داواش له‌هه‌موو هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌ین (كوردایه‌تی پێش حزبایه‌تی) بخه‌ن، چونكه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ چاره‌نوسی میلله‌تێكی پێوه‌ به‌نده‌.
سه‌ركه‌وتن بۆ ئیراده‌ی به‌هێزی گه‌له‌كه‌مان و ده‌نگده‌رانی لیستی 216 ی حزبی شه‌هیدان.
هه‌رشادو سه‌ركه‌وتوو سه‌رفرازبن.

محمد حاجی مه‌حمود
گوڵه‌خانه‌/ 7ی تشرینی دووه‌می 2025

بابەتی هاوشێوە