نەبەرد عومەر: لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن 8 سەرپێچی تۆماركراون

08.11.2025
جەماوەر نیوز
بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆن ڕایدەگەیێنێت، بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارە ئارامترین بانگەشە بوو، کەمترین سەرپێچیی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن تۆمارکراوە؛ بەجۆرێک لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان 8 سەرپێچی تۆمارکراون و کاندیدەکان سزادراون.

نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکای عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەهۆی هەڵواسینی پۆستەر لە نزیک بنکەکانی دەنگدان یاخود بەکارهێنانی دامودەزگا حکومییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، لەماوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن،  8 سەرپێچی تۆمارکراون و کاندیدە سەرپێچیکارەکانیش لەلایەن کۆمیسیۆنەوە سزا دراون.

نەبەرد عومەر باسی لەوەشکرد، پرۆسەی دەنگدان لە کاتژمێر 7ـی بەیانی دەستپێدەکات تاوەکو 6ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت، ئامێرەکان بەمجۆرە پڕۆگرام کراون کە بەهیچ شێوەیەک ماوەی پرۆسەی دەنگدان درێژناکرێتەوە و هەر کە دەبێتە کاتژمێر 6:00 ئامێرەکان خۆیان دەکوژێنەوە. وتیشی، تیمە هونەرییەکان ئامادەکاریی تەواویان کردووە بۆ چاککردنەوەی هەر ئامێرێک کە لە کاتی پرۆسەی دەنگدان لەکاردەکەوێت و لە سەرجەم بنکەکانی دەنگدانیش، ئامێری یەدەگ دادەنرێت بۆ گۆڕینی ئامێرەکان لەکاتی لەکارکەوتنی.

بابەتی هاوشێوە