ده‌ست به‌ ئاماده‌كارییه‌كانی پرۆسه‌ی حه‌جی 2026 ده‌كرێت

09.11.2025
جەماوەر نیوز
به‌ فه‌رمانی وه‌زاری، پشتیوان وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی، لیژنه‌یه‌كی پسپۆر و شاره‌زا راسپێردراون بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی تاقیكردنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی مامۆستایانی ئایینی بۆ مورشیدی حه‌جی ساڵی 2026 و تاقیكردنه‌وه‌ی هه‌مو مامۆستایان له‌یه‌ككاتدا ئه‌نجام ده‌درێت و پرسیاره‌كانیش بۆ هه‌مو مامۆستایانی به‌شداربو له‌ هه‌مو هه‌رێمی كوردستان یه‌ك پرسیاره‌ و هیچ جیاوازییه‌ك نییه‌ له‌یه‌ككاتیشدا تاقیكردنه‌وه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات و كۆتایی پێدێت.

تاقیكردنه‌وه‌كه‌ له‌ كاتژمێر 9:00ی به‌یانی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ له‌ هه‌رسێ شاره‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك ئه‌نجامده‌درێت به‌جۆرێك مامۆستایانی پارێزگای هه‌ولێر و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران و له‌ مزگه‌وتی سه‌واف له‌ پارێزگای هه‌ولێر تاقیكردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ژماره‌یان 150 مامۆستایه‌ و مامۆستایانی پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان و راپه‌رین له‌ مزگه‌وتی  مامۆستا عه‌بدولكه‌ریم موده‌ریس له‌ شاری سلێمانی تاقیكردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن و مامۆستایانی پارێزگای دهۆك و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ له‌ مزگه‌وتی جودی له‌ شاری دهۆك تاقیكردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن.

ئه‌مساڵ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ تۆماركردنی ناوی حاجیان و مامۆستایانی ئایینی و پزیشكان و كه‌سوكاری شه‌هیدان و خاوه‌ن كۆمپانیاكان به‌ سیسته‌می كراوه‌ و هه‌مو كه‌سێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌بوه‌ له‌ ماڵی خۆی به‌ بێ رۆتین و بێ ئه‌وه‌ی هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك بدات خۆی بۆ حه‌جی 2026 ناونوس بكات و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌ش له‌ هه‌مو هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ 400 مامۆستای ئایینی به‌ سیستمی ئه‌لیكترۆنی داواكاری بون به‌ مورشیدی ئایینی بۆ پرۆسه‌ی حه‌جی 2026 پێشكه‌ش كردوه‌ و بڕیاره‌ له‌ پرۆسه‌یه‌كی شه‌فاف و به‌ شێوه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ مامۆستایانی سه‌ركه‌وتو هه‌ڵبژێردرین و هه‌ر مامۆستایه‌ك كۆنمره‌ی 75% بهێنێت چانسی ده‌بێت كه‌ وه‌كو مورشیدی ئایینی حه‌ج بكات و كه‌متر له‌و كۆنمره‌یه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شدار نابێت له‌ كێبڕكێ مورشیدی.

بابەتی هاوشێوە