راوێژکاری دارایی سودانی: دەستکراوە بە ئامادەکردنى بودجەى ساڵی ٢٠٢٦

18.10.2025
جەماوەر نیوز
راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵیت، وەزارەتی دارایی عێراق دەستیکردووە بە ئامادەکردنى رەشنوسى بودجەى ساڵی ٢٠٢٦، هاوکات میکانیزمی خەرجکردنیشی دیاریکردووە لە ئەگەری پەسەندکردنی بودجەدا.

ئەمڕۆ شەممە ١٨ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، مەزھەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی وت، بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی، وەزارەتی دارایی سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژە بودجەی گشتیی عێراقە بۆ ساڵی ٢٠٢٦.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر بەھۆی کەمبوونی کاتی پەرلەمانەوە، بودجەکە لە کاتی دیاریکراودا پەسەند نەکرێت، ئەوا حکومەت لە ساڵی ٢٠٢٦ـدا ھەموو مانگێک، رێژەی یەک لەسەر ١٢ـی ئەو پارەیە خەرج دەکات کە لە ساڵی ٢٠٢٥ خەرج کراوە، ئەمەش پڕۆژە وەبەرھێنانییە بەردەوامەکان، پابەندبوونە دەرەکییەکان و خەرجییە پێویستەکانی دیکە دەگرێتەوە.
وتیشی، چالاکییە داراییەکان بەردەوام دەبن لە کۆکردنەوەی داھات و خەرجکردن بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی، تا ئەو کاتەی پەرلەمان بودجەی ٢٠٢٦ پەسەند دەکات.
دوای پەسەندکردنی، پارەی تایبەت بە پڕۆژە وەبەرھێنانییە نوێیەکان و پابەندبوونە نوێکان بۆ گەشەی ئابووری و گەشەپێدانی بەردەوام، دابین دەکرێت.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو