مارک ساڤایا: دەمەوێت جارێکی دیکە عێراق گەورەبکەمەوە

26.10.2025
جەماوەر نیوز
مارک ساڤایا نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ لە عێراق رایگەیاند، دەیانەوێت متمانەی نێوان بەغداد و واشنتن بگەڕێننەوە و جارێکی دیکە عێراق گەورە بکەنەوە.
مارک ساڤایا لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند، “لە ئەرکەکەمدا لە عێراق سەرنجدەخەمە سەر گەڕاندنەوەی متمانە لەنێوان بەغداد و واشنتن، پەیوەندیی هەردوو وڵات پێویستی بە پەیوەندیی راستەوخۆ و راستگۆیانە هەیە بە شێوەیەک خزمەت بە هەردوو گەلەکە بکات”.
ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتن هەوڵنادات سیاسەتی خۆی لە عێراق بسەپێنێت، بەڵکو پاڵپشتی حکومەتێکی سەربەخۆ دەکات کە بتوانێت بڕیارەکانی خۆی بدات، ئێمە ئامانجمانە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسی و ئاینی و ئابوورییەکان کاربکەین، ئەمەش بۆ گەرەنتیکردنی عێراقێکی سەربەخۆ، بە شێوەیەک بتوانێت هاوبەشێکی راستەقینەی ئەمریکا بێت دوور لە هەموو ململانێ هەرێمایەتییەکان”.
ئاشکراشیکرد، “دەمەوێت عێراق بکەمەوە بە عێراقێکی گەورە، عێراق خاوەنی توانای مرۆیی و ئابووری زۆرە، ئەگەر بتوانرێت وەبەرهێنانیان تێدابکرێت، دەتوانرێت بکرێتە ناوەندێکی گەورەی گەشەپێدان لە ناوچەکە”.

بابەتی هاوشێوە