سودانی: زیاتر لە دوو هەزار و 500 پرۆژەی راوەستاومان بە میرایەتی بۆ ماوەتەوە

01.11.2025
جەماوەر نیوز
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، زیاتر لە دو هەزار و 500 پرۆژەی راوەستاومان بە میرایەتی بۆ مایەوە كە هەندێکیان بۆ ساڵی 2005 دەگەڕێتەوە. دەشڵێت، "تەنها بە خەرجكردنی 12 ترلیۆن دیناربۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری و توانیومانە دەستکەوتی بەرچاو بەدەستبهێنێت".
محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ هەینی لە میانەی كۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆک هۆز و کەسایەتییەکانی باشوری بەغدا، جەختی لەوەكردوەتەوە كە هەوڵی تەواوكردنی پڕۆژە ڕاگیراوەکان بەتایبەتی لە کەرتی تەندروستیدا دەدەن و تەنها لە بەغدا هەشت پڕۆژەی نەخۆشخانەیان تەواوکردوە.
دەشڵێت، "خەرجییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردوە لەبەر ڕۆشنایی کورتهێنانی بودجە، بەڵام هەندێکیشیان بە ئەنقەست ڕای گشتی بەلاڕێدا دەبەن بۆ مەبەستی خۆیان و خەرجییەکانی دەوڵەت لە ساڵی 2024 تەنها 150 ترلیۆن دینار بوە لە کۆی بودجەی گشتی 220 ترلیۆن دینار.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نوسینگەكەی، سودانی لەمیانەی ئەو كۆبونەوەیەدا وتویەتی، "دو هەزار و 582 پڕۆژەی ڕاگیراومان بۆ ماوەتەوە، كە هەندێکیان بۆ ساڵی 2005 دەگەڕێتەوە، بە کۆی گشتی بەهایان 131 ترلیۆن دینارە".
پێشتر عەبدولزەهرە هینداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاندبو، سەدان پرۆژەی کەڵەکەبو لە عێراقدا لە بوارەکانی خزمەتگوزاری، گواستنەوە، پەیوەندی، کشتوکاڵ و پیشەسازیدا هەن و تائێسا تەواو نەکراون كە پێویستییان بە 24 ملیار دینار هەیە.
بەگوێرەی میدیا عێراقییەكان، یەکێک لە گرفتە گەورەکانی وڵاتەكە بریتییە لە پڕۆژە تەواونەکراوەکان كە تەنیا لەناوخۆی بەغدا 400 پرۆژەی ساختە و وەهمی هەن کە لەلایەن حزب و وەبەرهێنەرە گەورەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێن. 

بابەتی هاوشێوە