وردەکاری پلانی وەزارەتی ناوخۆ له‌ ڕۆژی هه‌ڵبژاردن ئاشكرا ده‌كرێت

01.11.2025
جەماوەر نیوز
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، ئاستی هۆشداریی به‌رزكردوه‌ته‌وه‌ و سەرجەم یەکەکانی کۆکردوه‌تەوە بۆ دەستەبەرکردنی ژینگه‌یه‌كی ئارام له‌ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە سەرتاسەری وڵاتدا، نزیکەی 185 هەزار ئەفسەر و کارمەند بەشداری دەکەن.

عەمید میقداد میری، به‌ڕێوه‌به‌ری بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتیەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئه‌مڕۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، نزیکەی 185 هەزار ئەفسەر و کارمەند بەشداری دەکەن لە پاراستنی زیاتر لە حه‌وت هەزار بنکەی دەنگدان بۆ دەنگدانی گشتی و نزیکەی 600 ناوەندی دەنگدانی تایبەت. 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان لە سنورەکانەوە دەستپێدەکەن تا ناوەندەکانی شارەکان بۆ دڵنیابون لە بەڕێوەچونی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی ڕێک و پێک و سەلامەت".

وەزارەتی ناوخۆی عێراق له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، له‌ ئه‌نجامی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشدارییدا وڵاته‌كه‌ پلەی یەکەمی لە جیهانی عەرەبیدا بەدەستهێناوە لە بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا، "زیاتر لە هەزار باندی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان هەڵوەشاونەتەوە".

11ی ئه‌م مانگه‌، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌ سه‌رانسه‌ری عێراقدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و له‌ ئێستادا لایه‌نه‌كان سه‌رقاڵی ئه‌نجامدانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنن، هه‌روه‌ها بەغدا ئامادەکاری دەکات بۆ میوانداریکردنی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ماوەی داهاتودا.

بابەتی هاوشێوە