تۆڕی شەمس: تا کاتژمێر 12 لە سەرتاسەری عێراق نزیکەی دوو هەزار سەرپێچی تۆمار کراون

09.11.2025
جەماوەر نیوز
نیوەی کاتی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت تێپەڕی و ڕێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردن دەڵێت، نزیکەی دوو هەزار سەرپێچی لە سەرتاسەری عێراق تۆمار کراون و زۆرترینی لە پارێزگای زیقاڕ بووە.

کاتژمێر 7ـی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە 18 بازنەی هەموو عێراق دەستیپێکرد، لە پاڵ هێزە ئەمنییەکان، ئاوارەکانیش دەنگ دەدەن.

 ھۆگر چەتۆ، ڕێکخەری تۆڕی شەمس  ڕایگەیاند، چاودێرمان لە بەشێکی زۆری ناوەندەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری عێراق هەیە، تا کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ، هەزار و 841 سەرپێچی  لە جۆری (پێشێلکاری، سەرپێچی و لادان لە ڕێنماییەکانی کۆمسیۆن) تۆمار کراون. 

بەوتەی هۆگر چەتۆ، لە پارێزگای زیقاڕ زۆرترین حاڵەتەکانی سەرپێچی تۆمار کراون، گەیشتووەتە 218 حاڵەت. لە پارێزگای بەغدا 201 حاڵەت تۆمار کراوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێڕاق، ڕێژەی بەشداریی دەنگدان هەتا کاتژمیر 12 لە پارێزگای زیقاڕ تەنها 57٪ بووە و لە کەرتی ڕەسافەی بەغدا کەمترین ئاستی بەشداریی هەبووە و ڕێژەی بەشداریی 47٪ی تێنەپەڕاندووە و کەرتی کەرخی بەغدا 57٪ی دەنگدەران بەشدارییان لە دەنگدانی تایبەتدا کردووە.

ئەمڕۆ لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت یەک ملیۆن و 313 هەزار و 980 کەس لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا 26 هەزار و 538 ئاوارە لە کەمپەکان دەنگ دەدەن.

بابەتی هاوشێوە