نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرکی لە کۆڵۆمبیا کەم دەبێتەوە

01.11.2025
جەماوەر نیوز
ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بواری پاراستنی ئاشتی لە کۆڵۆمبیا.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بڕیارنامەیەکدا کە بە 12 دەنگی بەڵێ و 2 دەنگی بێلایەن پەسندکرا، کە دوو دەنگەکە ئەمریکا و رووسیا بوون، ئەرکی نێردەکەی لە کۆڵۆمبیا بۆ ساڵێکی دیکە درێژکردەوە. بەڵام ئەنجوومەنەکە چەند بڕگەیەکی سەرەکیشی لابرد کە تایبەت بوون بە پاراستنی مافی پێکهاتە نەتەوەیی و رەسەنەکان لەو وڵاتە کە ئەوەش نیگەرانی لای هەندێک لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دروستکردووە.

مایک وۆڵتز، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ستایشی ئەو هەنگاوانەی کرد کە بۆ کەمکردنەوەی ئەرکەکە نراون، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتن بەهۆی نیگەرانییەکانییەوە پشتگیری تەواوی بڕیارەکە ناکات.

وۆڵتز گوتی، "ئەمریکا هێشتا نیگەرانیی بەرچاوی لەبارەی پرۆسەی ئاشتیی کۆڵۆمبیا هەیە، بەتایبەتی خراپتربوونی دۆخی ئەمنی، زیادبوونی چالاکیی گرووپە چەکدارەکان و ئەو مەترسییەی تیرۆریستان و بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان لە سزا دەرباز دەبن."

ئەرکەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆڵۆمبیا، دوای رێککەوتنی ئاشتیی مێژوویی ساڵی 2016 لەنێوان خوان مانوێل سانتۆس، سەرۆکی ئەوکات و گرووپی فارک دامەزرا. ئەرکی سەرەکیی نێردەکە بریتییە لە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، کە داوای چەکدانانی هەزاران چەکدار و گەڕاندنەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگە دەکات.

رۆژی هەینی، کێشەیەکی دیکە لەنێوان کۆڵۆمبیا و ئەمریکا دروستبوو، کاتێک نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە واشنتن کرد هێرشەکانی سەر کەشتییەکان لە دەریای کاریبی رابگرێت.

ئەو هێرشانەی ئەمریکا بوونەتەهۆی کوژرانی لانیکەم 62 کەس.

گۆستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو راستییە دووپات دەکاتەوە کە من پێشتر گوتوومە: هێرشەکانی دەریای کاریبی پێشێلکاریی روونی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتین و دەبێت رابگیرێن."

ئەمریکا دەڵێ، ئامانج لەو هێرشانە رێگریکردنە لە بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر.

بابەتی هاوشێوە