شەرع: هەسەدە چیتر پێویست نییە و مەترسییەکانی کەمپی هۆڵیش لە زیادبووندان

16.10.2025
جەماوەر نیوز
سەرۆکی سووریا ڕایدەگەیێنێت، "هەسەدە" چیتر پێویست نییە و مەترسییەکانی کەمپی هۆڵ بەهۆی بیرۆکە تووندڕەوەکانەوە لە زیادبووندان، جەختیشی کردەوە کە سووریا توانای چارەسەرکردنی ئەم کێشانەی هەیە.

 ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی CBS NEWSـی ئەمریکی، تیشکی خستە سەر دۆسیەی هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' و ناوچەکانی ژێر دەسەڵایەتی هەسەدە و ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی 10ـی ئادار لەگەڵ "هەسەدە" قبووڵێکی جەماوەریی فراوانی هەیە و مافەکانی کورد لە چوارچێوەی دەستووری سووریادا دەپارێزێت.

ئەحمەد شەرع جەختی لەوە کردەوە، هەر تایبەتمەندییەکی کولتووری یان کۆمەڵایەتی بۆ پێکهاتەی کورد بە یاسا پارێزراو دەبێت، بەڵام ڕەتیکردەوە کە هیچ چاوبڕینێک بۆ جیابوونەوە قبووڵ بکرێت، بەتایبەتی کە زۆرینەی دانیشتووانی ناوچەکە عەرەبن و پەیوەستن بە دەوڵەتی سووریا، تەنانەت لەناو کۆمەڵگەی کوردیشدا کۆدەنگییەکی تەواو لەسەر "هەسەدە" نییە.

سەرۆکی سووریا ئاماژەی بەوەدا کە "هەسەدە" لە کاتی شەڕی دژی داعشدا و بە پشتیوانی ئەمریکا و هەندێک وڵاتی ڕۆژئاوا دروست بوو، بەڵام بەردەوامبوونی ئەم جۆرە ڕێکخراوانە چیتر پێویست نییە دوای ئەوەی دەوڵەتی سووریا کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ناوچەکەدا گەڕاندووەتەوە. وتیشی کە ئەم دابەشکارییە سەربازی و ئەمنییانە یەکێتیی وڵات لاواز دەکەن و سەقامگیرییەکەی دەخەنە مەترسییەوە.

شەرع جەختی لەوە کردەوە کە لەدوای ئازادکردنی ناوچەکە، ئامانجێکی ڕوون دانراوە کە تەنیا دەوڵەت خاوەنی چەک بێت و هەر فرەییەک لە لایەنە چەکدارەکاندا دەبێتە هۆی پشێویی ئەمنی ناوخۆیی کە کاریگەری لەسەر هەموو ناوچەکە دەبێت.

سەرۆکی سووریا باسی لە ئەزموونی کەسی خۆی لە شەڕی دژی داعش کرد کە بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ بەردەوام بوو، ئاماژەی بەوەدا سووریا ئێستا شارەزاییەکی فراوانی لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕێکخراوەدا هەیە، لەوانەش بەڕێوەبردنی دۆسیە هەستیارەکان وەک کەمپی هۆڵ، کە بەهۆی بیرۆکە تووندڕەوەکانی ناویەوە مەترسییەکی ئەمنی گەشەسەندووە.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو