نه‌ته‌نیاهۆ: شەڕ کۆتایی نەهاتوە لە غەززە و ناوچەکە

16.10.2025
جەماوەر نیوز
بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگه‌یاند، شه‌ڕ لە غەززە و ناوچەکە "کۆتایی نەهاتوە"، دەشڵێت، "ڕوداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر ئیسرائیلییەکانی یەکخست و تا بەدیهێنانی ئامانجەکانمان بەردەوام دەبین".

بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ لە میانی مەراسیمێکی فەرمیدا بۆ یادکردنەوەی ئەو سەربازانەی لە شەڕی غەززەدا کوژراون، ڕایگه‌یاند، ئیسرائیل "هەمو ئەو ئامانجانە بەدەست دەهێنێت کە بەدوایدا دەگەڕا" لەو شەڕەدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوژمنانی ئیسرائیل درکیان بەوەکردوە، "ڕوداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر ئیسرائیلییەکانی یەکخست، بەڵام شەڕەکە کۆتایی نەهاتوە، هەرکەسێک دەست لە دژی ئێمە بەرز بکاتەوە باجەکەی دەدات".

نه‌ته‌نیاهۆ درێژەی بە قسەکانیدا و وتی، "ئێمە بڕیارمانداوە گەڕانەوەی هەمو بارمتەکان مسۆگەر بکەین"، ڕۆژێک دوای ئەوەی حەماس ڕایگەیاند، کە هەمو تەرمی ئەو بارمتانەی گەڕاندوه‌تەوە کە توانیویەتی دەستیپێبگات، هەروەها پێویستی بە کەرەستەی تایبەت دەبێت بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکانی ماوەتەوە.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، ئیسرائیل "گەیشتە لوتکەی چیای هرمون لە سووریا و ئاسمانی تاران"، لە کۆتاییدا جەختی لەوەکردەوە کە هەوڵەکان بەردەوام دەبن "تا تەرمی ڕفێنراوەکان دەردەهێنرێنەوە و ئامانجەکانی شەڕ بە تەواوی بەدیدێت".

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو