ئەمریکا پڕۆژە بڕیاری بەڕێوەبردنی غەززە و پێکهێنانی هێزێکی نێودەوڵەتی پێشکێشی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات

04.11.2025
جەماوەر نیوز
ئیدارەی ترەمپ پرۆژەبڕیارێکی پێشکێشی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە، تایبەت بە بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە و دامەزراندنی هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو.

بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، رۆژی دووشەممە، بەرپرسانی حکومەتی ئەمریکا پرۆژە بڕیارەکەیان کە بە "هەستیار" ناوبردووە، پێشکێشی وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە و بەگوێرەی ئەو پرۆژەیاسایە، دەسەڵاتێکی فراوان بە ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی دەدرێت بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە و دابینکردنی ئاسایش تا کۆتایی ساڵی 2027 و ئەگەری درێژکردنەوەی ئەو وادەیەش هەیە. 

بەرپرسێکی ئەمریکی کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، بە میدیای ئەمریکای راگەیاندووە، پڕۆژە بڕیارەکە دەبێتە بنەمایەک بۆ دانوستاندنەکان لە رۆژانی داهاتوودا لە نێوان ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئامانجی دەنگدان لەسەر دامەزراندنی ئەو هێزە نێودەوڵەتییە لە چەند هەفتەی داهاتوودا و پلانی ناردنی یەکەم کاروانی ئەو هێزە بۆ غەززە لە مانگی کانوونی دووەمی داهاتوو. 

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، ئەو هێزە نێودەوڵەتییە، ئەرکەکەی بریتی دەبێت لە جێبەجێکردنی بڕیارەکان، نەک هێزێکی ئاشتیپارێز.

لە رەشنووسی پرۆژە بڕیارەکەی ئەمریکادا هاتووە، ئەو هێزە، لە سەربازانی چەند وڵاتێک پێکدێت و بە راوێژ لەگەڵ "بۆردی ئاشتی" لە کەرتی غەززە دادەمەزرێندرێت.

هەروەها رەشنووسەکە داوا دەکات بۆردی ئاشتیی غەززە، لانیکەم تاوەکو کۆتایی ساڵی 2027 لە ئەرکەکەی بەردەوام بێت و ئەگەریش پێویست بکات، وادەی کارکردنی درێژ بکرێتەوە.

بەگوێرەی رەشنووسەکە، هێزە نێودەوڵەتییەکە، ئەرکی پاراستنی سنوورەکانی غەززە لەگەڵ ئیسرائیل و میسر، پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل و چاودێریکردن و پاراستنی رێڕۆی مرۆیی و مەشقپێکردنی هێزێکی نوێی پۆلیسی فەلەستینی پێ دەسپێردرێت.

لەگەڵ ئەوەش، ئەو هێزە نێودەوڵەتییە، کار دەکەن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی غەززە، لەرێگەی دڵنیابوون لە پرۆسەی چەکداماڵین لەو کەرتە، لەنێویشیاندا وێرانکردن و رێگریکردن لە بنیاتنانەوەی "ژێرخانی سەربازی و تیرۆر و هێرش"، هەروەها چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکانی غەززە.

هەرچەندە لە رەشنووسەکەدا، بەئاشکرا ناوی حەماس نەهێندراوە، بەڵام بەناڕاستەوخۆ ئاماژە بەوە کراوە، یەکێک لە ئەرکەکانی ئەو هێزە نێودەوڵەتییە، چەکداماڵینی حەماس دەبێت، ئەگەر بێتو حەماس، ئارەزوومەندانە ئەو هەنگاوە نەگرێتەبەر.

رەشنووسەکە، پێشنیازیشی کردووە هێزە نێودەڵەتییەکە "ئەرکی زیاتر لە ئەستۆ بگرێت لەوەی پێویست بێت بەمەبەستی پشتیوانیکردن و پاراستنی خاڵەکانی رێککەوتنی ئاشتی و ئاگربەستی غەززە."

هەروەها پرۆژەکەی ئەمریکا، ئەوەشی تێدایە ئەو هێزە نێودەوڵەتییە، ئەرکی  چاودێریکردنی ئاسایشی غەززە دەبێت لەو ماوەیەی، سوپای ئیسرائیل قۆناخ بە قۆناخ لە تەواوی ناوچەکانی دیکەی غەززە دەکشێتەوە و دەسەڵاتی فەڵەستین چاکسازیی لەخۆیدا دەکات، تاوەکو بتوانن لە داهاتوودا کەرتی  غەززە بەڕێوەبەرن.

بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، تاوەکو ئێستا وڵاتانی ئیندۆنیزیا، ئازەربایجان، میسر و تورکیا ئامادەیی خۆیان پێشانداوە بۆ ناردنی هێز بۆ غەززە و بەشداریکردن لە پێکهێنانی ئەو هێزە نێودەوڵەتییە.

بابەتی هاوشێوە