پێشنیاری ئەمریکا بۆ چەکدارانی حەماس: لێبوردنی مەرجدار و ڕادەستکردنی چەک بە لایەنی سێیەم

06.11.2025
جەماوەر نیوز
کەناڵی 12ی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشنیاری کردوە کە چەکدارانی حەماس لە تونێلەکانی ڕەفح لە کەرتی غەززە چەکەکانیان ڕادەستی لایەنی سێیەم بکەن لە بەرامبەر لێخۆشبونی مەرجدار لەلایەن ئیسرائیلەوە.
کەناڵەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردوەتەوە، واشنتن پێیوایە ئەو چەکدارانەی کە هێشتا لەناو تونێلەکانی ڕەفحدان، سەرچاوەی گرژیی و هەڕەشە بۆ سەر ڕێککەوتنی ئاگربەست پێکدەهێنن و هەوڵدەدات ئەو "مینە" ئەمنییە لاببات.
هەروەها بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندوە، ئیدارەی ترەمپ پەیامێکی بە ئیسرائیل گەیاندوە کە دەکرێت ئەو ڕوداوە بکرێتە جۆرێک لە "پڕۆژەی تاقیکاری" بۆ داماڵینی چەک لە حەماس لە غەززە، بە ئامانجی ئەوەی دواتر مۆدێلەکە لە ناوچەکانی دیکەی کەرتی غەززە جێبەجێ بکرێت.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل دوێنێ له‌ لێدوانێكدا ڕایگه‌یاند، پڕۆسەی "داماڵینی چەک لە غەززە" تەنها بە چەکداماڵینی گروپه‌كان سنوردار نییە، بەڵکو "نەهێشتنی تەواوەتی تۆڕی تونێلەکانی حەماس"یش دەگرێتەوە، ئەو سوپای ڕاسپاردوە کە ئەو بابەتە وەک ئەولەویەتێکی ناوەندی لە ناوچەی زەرد لە ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیل دابنێت.
خەمڵاندنە سەربازییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە تۆڕی تونێلەکان نزیکەی 1300 تونێل لەخۆدەگرێت کە درێژییەکەی نزیکەی 500 کیلۆمەترە، هەندێکیان تا قوڵایی 70 مەتر درێژدەبنەوە، ئەوەش وایکردوە لەناوبردنیان ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆز بێت کە پێویستی بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتو هەیە.

بابەتی هاوشێوە