به‌ ئاماده‌بونی عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود مەراسیمى ساڵڕۆژى قوربانیانى جەنگ لە بەریتانیا ئه‌نجامدرا

13.11.2022
جەماوەر نیوز

لەسەر بانگیشتى فەرمى دەیڤید هەنت، کونسوڵى گشتى بەریتانیا لە هەولێر کاتژمیر ١٠:٣٠ خولەکی سەر لە بەیانى ئەمرۆ یەکشەممە 13ی تشرینی دووه‌می 2022 عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود، وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان بەشداری کرد لە مەراسیمى ساڵڕۆژى قوربانیانى جەنگ لە بەریتانیا کە لە پارکى سامى عەبدولڕەحمان سازکرابوو.
لەو مەراسیمەدا کە بە چەند خولەکێک وەستان بۆگیانی قوربانیانی جەنگ دەستیپێکرد ، دیڤید هەنت، کونسوڵى گشتى شانشینى یەکگرتووى بەریتانیا وێڕاى بەخێرهاتنى ئامادەبووان تیشکى خستەسەر نەریتى ساڵانەى بەریتانیەکان بۆ یاد و بیرەوەرى قوربانیانى جەنگ لەبەریتانیا .
هەر لەو مەراسیمەدا ڕۆڵ و خەباتی قوربانییانی جەنگی بەرزنرخاند و ڕایگەیاند کە ئەوان گیانى خۆیان بەخت کرد لە پێناوى ئایندە و دواڕۆژێکى پرشنگدار تر بۆ خاک و گەلەکەیان.
لە کۆتاییدا تاجە گوڵینەى لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر سیمبوڵی قوربانییان دانران.