لە ستۆکھۆڵم کۆبوونەوەی کۆمیتەی ھاوکاری ھێزە سیاسییە کوردییه‌كان ئه‌نجامدرا

13.11.2022
جەماوەر نیوز

ڕۆژی شه‌ممه‌ 12ی تشرینی دووه‌می 2022 بەئامادەبوونی خاتوو شارا محەمەد حاجی مەحمود، بەرپرسی نوێنەرایەتی سویدی پارتی سۆسیال دیموکرات کۆبونەوەی ھاوکاری ھێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان لە شاری ستۆکھۆڵم بەڕێوەچوو.
سەرەتای کۆبونەوەکە بە ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدان دەستیپێکرد، دواتر تیشکخرایە سەر ڕۆڵ و بەشداری کۆمیتەکە لە چالاکی و بۆنە سیاسی و ڕۆشنبیرییەکان لە ووڵاتی سوید لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا. پاشان جەخت لە خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان کرایەوە بۆ گەیشتن بە مافە ڕەوا و دەستورییەکانی. ھەر لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ کرا دەربارەی حکومەتی نوێی سوید و دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ گرێدان و توندوتۆڵکرنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەندامانی کابینەی نوێ، بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی پرسی کورد و بەھێزکردنی پشتیوانی بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
کۆمیتەی ھاوکاری ھێزە سیاسییە کورد و کوردستانیەکان لە سوید، پێکھاتووە لە ١٣ حزبی کوردستانی لە گشت بەشەکانی کوردستان، ئامانجی کۆمیتەکە، یەکخستنی ھەڵوێستی ھێز و لایەنەکانە لە سەر ئاستی سوید بەرامبەر گشت پرسە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکان پەیوەست بە کوردستان و ڕەوەندی کوردستانی لە سوید.