داوا قه‌ده‌غه‌كردن گه‌شت له‌ وه‌زیری پێشووی نه‌وتی عێراق ده‌كرێت

30.10.2022
جەماوەر نیوز
ئەندامێکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دەڵێت: ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری پێشووی نەوتی عێراق 68 دۆسیەی پەیوەندیدار بە گەندەڵیی دارایی و کارگێڕی و بەهەدەردانی گەورەی سامانی گشتیی لە دادگەکان لەسەرە، بۆیە داوا لە ژمارەیەک لایەنی پەیوەندیدار دەکات گەشتکردنی بۆ دەرەوەی وڵات لێ قەدەخە بکرێت.
ئه‌مڕۆ یەکشەممە 30ی تشرینی یه‌كه‌می 2022 زەهرە بجاری، سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕایگه‌یاند "بەهۆی سەرپێچییەکان و دۆسیەکانی گەندەڵیی ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری پێشووی نەوتی عێراق، ژمارەیەک داواکاریم ئاراستەی ژمارەیەک دامەزراوەی حکومەتی عێراق و دەسەڵاتی دادوەری کردووە و داوام لێکردوون بەهۆی ئەو 68 دۆسیەی لەسەر ناوبراو هەیە گەشتکردنی بۆ دەرەوەی عێراق لێ قەدەخە بکرێت."
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، "ئەو 68 کەیسەی لەسەر وەزیری پێشووی نەوت هەن، دۆسیەی گەندەڵیی گەورەن؛ بەشێکیان دارایی و بەشێکیان کارگێڕین. زانیاریمان هەیە کە وەزیری پێشووی نەوت لەو کاتەوەی بووە بە وەزیر پاسپۆرتی ژمارەیەک وڵاتی بەدەستهێناوە، ئەوەش لەبری کارئاسانیکردن بۆ کاری کۆمپانیاکانیان لێرە. بۆیە گومانی زۆر دەکەین بەهۆی ئەو پاسپۆرتانەوە بەمنزیکانە عێراق جێبهێڵێت."
زەهرە بجاری بە پێویستی دەزانێت، دەزگا پەیوەندیدارەکان رێگە لە چوونەدەرەوەی وەزیری پێشووی نەوت بگرن و ببرێتە بەردەم دادگە بۆ لێپرسینەوە لەگەڵی لەسەر ئەو دۆسیانەی لەسەری کەڵەکە بوون.